۱۳۹۱ فروردین ۵, شنبه

عه‌بدوڵعه‌زیز مه‌ولودی: ئەگەر کەسایەتێکی وەک عەبدوڵای ئیسحاقی و بە تایبەت دوکتور قاسملوو نەبا، ڕەنگە حیزبی دیموکڕاتیش یان وەک فیرقەی ئازەربایجانی لێقەومابا یان بووبا بە کومونیستێکی چینی


Abdul Aziz Maulodi 

رۆژهه‌لاتی کوردستان
له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا
ئا:ئه‌فراسیاب گرامی
عه‌بدوڵعه‌زیز مه‌ولودی: ئەگەر کەسایەتێکی وەک عەبدوڵای ئیسحاقی و بە تایبەت دوکتور قاسملوو نەبا، ڕەنگە حیزبی دیموکڕاتیش یان وەک فیرقەی ئازەربایجانی لێقەومابا یان بووبا بە کومونیستێکی چینی
عه‌بدوڵعه‌زیز مه‌ولودی: سازبوونی ڕەوتی ئیسلاحات بە سەرجەم کەم و کورتێەکانی، بە بڕای من دەرفەتێکی بەش بوو بۆ پێداچوونەوەی گرفتەکانی بەردەم کێشەی کورد لە ئێراندا
عه‌بدوڵعه‌زیز مه‌ولودی: هەوڵی سێ لایەن لیرەدا گرینگە، لایەنێک حیزبەکانن، لایەنێک چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگین وە لایەنێکیش بیرمەندان و رۆشنبیرانی سەربەخۆن. هاودەنگی ئەو لایەنانە بۆ دیاری کردنی ستڕاتژیی نەتەوەیی ڕەنگە دەئەنجامی باشی لێبیتەوە

 

پرسیاره‌کان:
ـ سه‌ره‌تای پرسیاره‌که‌م له‌ به‌رێزتان به‌ پرسیارێکی گشتگیر ده‌ست پێ ده‌که‌م، زۆرێک له‌ کارناسانی سیاسی پێیان وایه‌ که‌ دۆزی کورد بۆ سیستم و مودیرییه‌تی سیاسی ده‌سه‌لاتانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان دا ده‌گه‌رێته‌وه‌، لێکددانه‌وه‌ی جه‌نابت له‌باره‌ی به‌ستێنه‌کانی شکڵگرتنی گوتاری سیاسیی کورد چی یه‌؟
و: گوتاری سیاسی وەک دیاردەیەکی نوێ، پەیوەندی بە "بوون" یان "ویستی" دەسەڵاتێکی نەتەوەیی هەیە. یانی کاتێک جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەت سەردەمی دۆای بە ئاوەدانکردنەوە (ئیستیعمار)یان دەسپێکرد، بە کەڵک وەرگرتن لە شۆڕشی مەزنی فەڕانسە هەوڵدرا هەر وڵاتێک یان خەڵکی خاوەن کولتوور و مێژوو دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێ. دیارە لە هێندێک وڵات ئەو ڕەوتە ئاساییتر بەڕێوە چو، لە هێندێکیش توشی کێشە هات.
لە پەیوەندی دەگەڵ کێشەی کورد، نەک پەیوەندی بە دەوڵەتانی ناوچە هەیە بەڵکوو بەر لەوە پەیوەندی بە دوو کێشەی سەرەکیتر وەک ڕکابەرایەتی ئیمپڕاتۆڕی ئێران و عوسمانی لە لایەک و ڕکابەرایەتی گەورەهێزانی دۆای شەڕی جیهانی هەوەڵ هەیە. لە ڕەوتەکانی دۆای شەر، لە نێوان خەڵکی خۆازیاری پێک هاتنی دەوڵتی سەربەخۆ وەک دەزانن تەنیا فەلەستین و کوردەکان لەبەرچاو نەگیران. کە وابوو کێشەکە بەر لە هەموو شتێک جیهانی بوو دۆایەش کەوتە ژێر کاریگەرێتی وڵاتانی دەسەڵاتدار.
بزووتنەوەی سیاسی کورد، لە لێکدانەوەی ئەو دوو لایەنە سەرهەڵدەدا. هەر لە هەوەڵیشەوە بۆ سازدانی بوونێکی نەتەوەیی سەربەخۆ هەوڵیداوە، کە نەیتۆانیوە ئامانجەکانی بەدیبێنێ، "چارەی خۆنووسین" و "خۆدموختاری"و ئەوانی دیکەی بە شێوەی کاتی هێناوەتە ئاڕاوە.     
ـ سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ سه‌ده‌ی گۆڕانکارییه‌ مه‌زنه‌کان له‌ ئاستی جیهانیدا ناوزه‌د ده‌کرێ، زۆر ئایدۆلۆژیی تازه‌ و نوێ سه‌ری هه‌ڵدا که‌ پانتایی جیهانیان به‌ خۆیه‌وه‌ گرت و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کوردیش تێکه‌ڵ به‌م ئایدۆلۆژی و ره‌وتگه‌له‌ بوو، جه‌نابتان بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ نیوان ئه‌م ده‌غده‌غه‌ فکری و ئایدۆلۆژییانه‌دا چۆن پێناسه‌ و پۆلێن به‌ندی ده‌که‌ن؟
و: دۆایی هاتنی شەڕی هەوەڵی جیهانی نەک چ ئاسەوارێکی بۆ کورد نەبوو، بگرە بە شەڕی دووهەمیش هێندەی دیکە توشی گرفت هات. دوو ئایدۆڵۆژی گەورەی "مارکسیستی"و "لیبەڕالیستی" لە ناوچە دا بەرهەڵستی یەکتریان دا و دونیایەکی نوێیان بۆ خۆیان درووست کرد و بەسەر ئەوانی دیکەیان دا سەپاند. هەڵبەت لەو نێوەدا ئەوەی کە بەبەژنی کورددا دورا، ئایدۆلۆژی چەپ بوو. وا سەلمێندرا کە چوون چەپ خاوەن ئەدەبی شۆڕشگێرانەیە، ڕەنگە زووتر وڵامدەری خۆاستی کورد دەبێ. تەجرەبەی کۆمار بە سەرۆکایەتی پێشەوا، دۆزی کوردی تا سەر لوتکەی گەیشتن بە ئامانجی بزووتنەوە ڕاکێشا.
کەوا بوو، زۆر پێویست ناکا هەوڵبدرێ ئەو ڕەوتە پۆلین بەندی کرێ. گوتاری زال بە سەر بزووتنەوەی کورد لەو رۆژەوە کورد ویستبێتی یان نا بۆتە گوتاری چەپ بە هەموو لق و پۆپێوە. تایبەتمەندی ئەو رەوتەش گواستنەوەی کێشەی نەتەوەیی بۆ لای کێشەی ئایدۆلۆژیکی چەپ دەگەڵ سەرمایەداری و لیبەڕالیسم بووە.  بەڵان دەتۆانین بڵێین لە ئاکامی ئاوێتە بوونی گوتاری چەپ دەگەڵ بزووتنەوەی کورد، دوو ڕەوشی حیزبی لە کوردستان دادەمەزرێ کە دەکەونە ژێر کاریگەرێتی کێشەکانی نێوان چەپەکان، کە خۆی لە چەپی ڕوسی و چینی دا دەبینی. حیزبی دیموکڕاتی کوردستان لە لای هەوەڵدا و کۆمەڵە و جەریانە چەپەکانی دیکە زۆرتر بە لای دوهەمدا لە کوردستانی ئێراندا دادەنرێن. دیارە لە بەڕەوڕو بوونەوە دەگەڵ واقیعەکاندا هەرکام لەوانە تووشی زۆر گۆڕانکاری هاتوون.
ـ  هه‌ر کام له‌و جه‌ریانه‌ سیاسییانه‌ خاوه‌ن چ فکر و بیرۆکه‌یه‌کی سیاسی بوون، ئایا به‌ پێی زه‌رووره‌تی کۆمه‌ڵگا و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی هاتبوونه‌ ئاراوه‌؟
و: حیزبی دیموکڕات دیارە لە سەر بناخەی کۆمەڵی ژ-ک دامەزرا. یانی خاوەن کێشەی کورد بوو لە کوردستانی ئێران، جگە لەوەش بە جۆرێک لە ژیر گوشاری ڕوسەکان بوو بۆ دابین کردنی خۆاستەکانی ئەوان دۆای تەواو بوونی شەری جیهانی دوهەم. ڕۆڵی حیزبی توودە لێرەدا زۆر بەرچاوە کە ئەگەر کەسایەتێکی وەک عەبدوڵای ئیسحاقی و بە تایبەت دوکتور قاسملوو نەبا، ڕەنگە حیزبی دیموکڕاتیش یان وەک فیرقەی ئازەربایجانی لێقەومابا یان بووبا بە کومونیستێکی چینی. هەردوو ئەو کەسایەتیانەی باسم کردوون کاریگەرێتی بەرچاویان بووە لە گێڕانەوەی حیزب لە کومونیسمی رووسی و چینی. تا ڕادەیەک تۆانیان وەرچەرخانێک ساز کەن بەرەو گوتارێکی(ئەگەر ئەوا نێوێک دروست بێ) بە نەتەوەییتر یان خۆماڵیتر. دیارە دووربونەوەی حیزب لە حیزبی توودە لە ژێر کاریگەرێتی دوکتوور قاسملو، ئەوانی لە چەپی ئەوروپا نیزیک کردەوە و تا رادەیەک ئاوێتەی شێوازێک لە ئازادیخۆازی لیبە ڕالیستی کرد. بۆیە پێموایە بە لەبەر چاو گرتنی ئەو خاڵانەی سەرێ (چارە کردنی ئەو کێشانەی ئێستا توشی هاتوون) حیزبی دیموکڕات لە ڕۆانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە دەتوانێ ڕۆلی بەرچاوی سیاسی بگێڕێ و شۆێندانەر بێ.
جەریانەکانی دیکەی چەپ بە گشتی زۆر دوور بوون لە داواکردن یان تیۆریزە کردنی کێشەی کورد. وەک ئیدەئالیستێکی فۆڕماڵیست لێکیان دەدەمەوە کە زۆربەیان لە شارەکانی دیکەی ئێران هاتبوونە ناوچە و خەرێکی بەڕێوەبردنی بەرنامەی حیزبی خۆیان بۆ ویناکردنی کۆمەڵگایەکی "بەرانبەر"بوون. کۆمەڵە دەو نێوەدا دیارە جودا بو. لە کوردستان هەڵقوڵیبوو هێندێک تایبەتمەندیان دەکرا بۆ دابندرێ کە لەوانی دی جوێیان بکاتەوە. بەڵان ئەوەش کاتی بوو وە بە هاوپویوەندی دەگەڵ حیزبی کومونیستی ئێران، بنەما چەپەکە زۆرتر خۆی نواند.
ناکرێ لەو نێوەدا شوێنێک بۆ بزوتنەوەی سیاسی کورد دیاری بکەین. دۆای ڕوخانی تەجرەبەی چەپی ڕووسی و بی سەروشوێنبوونی چەپی چینی، هەمو جەریانەکانی چەپ تووشی وەرچەرخان هاتوون و دەکرێ چاوەڕێی زۆرتریش بکەین.

ـ  له‌ ناوه‌راستی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزم بالی به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی و رێکخراوه‌یی کوردستان کێشا. زۆر له‌ حزب و رێکخراوه‌کان به‌ بیرۆکه‌ی چه‌په‌وه‌ باشاری جه‌ریانی ناسیونالیستی کورد بوونه‌وه‌، کێشه‌ی کوردیان له‌ بیاڤی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی سه‌رمایه‌دار دا وێنا ده‌کرد، ره‌وتی مارکسیستی کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و کوردستان وکێشه‌ی کوردی به‌ره‌و چ ئاقارێک برد ؟
و: بە چاوخشاندنێک لە ئەو وڵاتانەی ئایدۆڵۆژیای چەپ (لەچەشنی رووسی ،چینی) کاریگەرێتیان تێدا بەدیهێناوە، بۆمان دەردەکەوێ کە لە بەلادابردنی ئازادی بۆ دەستەبەر کردنی "بەرانبەڕی" لەو وڵاتانەدا، تەنیا تۆوی دیکتاتۆڕی یان چاندۆ و چاکیش بەری هێناوە. لە ڤیتنامەوە بیگرە بۆ کۆریای باکوری، لە سوریا بۆ یەمەن، لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا تاکو کووبا هەر هەمووی تەجرەبەکە گێردراوەتەوە بە دیکتاتۆرییەت. تەنانەت ساندینیستەکان لە نیکاڕاگۆا کە لایەنی زۆر پۆزیتیڤ یان هەبوو، ئێستا بە بۆنەی سێ پات بوونەوەی سەرۆککۆماری کە سایەتێکی وەک دانێەل ئۆرتێگا و تۆمەتبارکردنی خەڵکی ئەووڵاتە بەوەیکە لە باری سیاسێوە نەفامن بۆ هەڵبژاردن، روویان کردۆتە دیکتاتۆڕیەت. کەوابوو ئەگەر بمهەوێ لەوبەری را بێمەوە، ئەوپەڕی تەجرەبەیەکی سەرکەوتۆانە بۆ کوردیش دەبوو بە جۆرەها دیکتاتۆرییەتێکی دیکە. بەڵان، هەر ئاواش لە راستیدا کێشەی کورد زۆر کاریگەرێتی نگاتیڤی بەخۆیەوە بینیوە. ئێستاشی دەگەڵ بێ، هیچ بیرمەندێکی کورد نەیتۆانیوە وەک لیبەڕاڵێک باسی ئازادیخۆازی بکا. ئەو وشە سەردەمێک وەک ناحەزترین تۆمەت بەکاردەهێنرا. یەکەم کاریگەرێتی نگاتیڤ دورخستنەوەی بزووتنەوەی کوورد لە داڕشتنی ستڕاتیژێکی نەتەوەیی بوو، دوهەمی ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی ئەندێشەی سیاسی بەرامبەر(وەک لیبەڕالی و هتد) و بگرە ئاسەواری دیکەش جێگای باسە.
ـ  هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی هیچ کام له‌م ره‌وته‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ نه‌بوونه‌ خاوه‌ن گوتارێکی به‌هێزی سیاسی  و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ چیدا بوو؟
ڕەنگە هۆکارەکان زۆربن. بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە کولتووری کۆمەڵایەتی و ڕامیاریمان لە ئەو بارەوە زۆر مەودای نەداوە یان بۆمان نەڕەخساندووە. ئەوانەش کە وەک ڕۆشنبیر هەوڵی ئەو کارەیان داوە، یان زۆر تاکەکەسی بووە هەوڵەکەیان یان ئەوەیکە لە لایەن ڕوتە سیاسێکان وەرنەگیراون. بەشێکیشی دێتە نێو خانەی چۆنیەتی هەڵسووکەوتی لایەنە سیاسێکان. ئەوەی دەتوانین لە دوو خاڵی جودا باس بکەین. خاڵی هەوەڵ، داکۆکی کردنی زۆری حیزبەکان لە سەر گرتنی دەسەڵات و ڕکابەرایەتی دەگەڵ یەکترە کە لە درەوەی وڵاتیش هەر بەردەوام بووە و بۆتە هۆی جودا بونەوە و پێکەوە نەحاوانی حیزبەکان. دۆهەم، هەر بەم بۆنەوە پەڕاوێز خستنی باری کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگای کوردییە کە دیارە دۆستانی دیکەش وەک  بەڕێز کاک سەلاحی عەباسی و کاک سەڵاحی خەدیو و .... لەو بارەوە پێشتر دۆاون.

ـ پێتان وا نیه فه‌رهه‌نگی سیاسی کورد له‌ سه‌د ساڵی رابردوودا نه‌یتوانیوه‌ جه‌ریانی سیاسی کوردی بکاته‌ خاوه‌نی گوتاری خۆی؟
و: زۆر بە سەربەسراوی لەو بارەوە لە پرسیاری پێشوودا باسم کرد. وا وێدەچێ کە لە باری داڕشتنی ستڕاتیژێکی نەتەوەیی کە بەرژەوەندێکانی کورد وەک سەرەکیترین خاڵ چاو لێبکات چ سەکەوتنێک بەدی ناکرێ. هەڵبەت بە شێوازی جۆراوجۆر کار کراوە، ئەوەش لە نەبوونی ستڕاتیژێکی کۆنکرێتی نەتەوەیی دا بووە، جا چ لە کاتی شۆڕشەکانی تاکەکەسێوە بیگرە تا ڕەوتە ڕێکخراوەییەکانی حیزبی.
ڕەنگە بگووترێ بە هۆی پارچەپارچە بوونی کوردستان کێشەکە سرووشتی یە. تا ڕادەیەکیش دەتوانین ەو بیرۆکەیە بسەلمێنین. لە نەبوونی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، لێکترازانی پارچەکان لە باری هۆویەتی سیاسی تەنانەت کۆمەڵایەتیش چاوەڕوان دەکرێ. زاڵبوونی دەسەڵاتی ناوەندی دەوڵەتانی خاوەن دەسەڵات لە پارچەکانی کوردستان بەشێکی دیکەی ئەو کیشەیەمان بۆ دەردەخات.
بەڵان، سەرەرای هەمووی ئەوانە بەرپرسێارێتی حیزبە سیاسێکان لە ئاستی نەتەوەییدا حاشاهەڵگرنییە کە لە جیاتی بیرکردنەوە و کارکردن بۆ ئەو ئامانجە، زۆرتر لە هەوڵی دەستەبەر کردنی دەسەڵات بۆ خۆیان بوون. تەنانەت کاتی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی خولی نۆیەمی سەرۆک کۆماری لە ئێران، ئێمە وەک چەند چالاکوانی مەدەنی بە بیری جۆراوجۆری سیاسی کۆ بووینەوە و چەن دانیشتنی بە کۆمەڵمان پێکهێنا بەڵان، بەهۆی ئەوەیکە هەر لە دانیشتنەکاندا دەرکەوت کە هێندێک لە دۆستان لە ژێر کاریگەرێتی حیزبەکان و لە مەترسی پێکهاتنی حیزبیێکی نوێ، دانیشتنەکان هەڵوەشانەوە. لە بیرمە ئەوکات کە گەرمەی کاری سیاسی بوو وە ئەوکات حیزبەکان بەشداری لەو ڕەوتەیان بایکۆت کرد، لە وتووێژ دەگەڵ ڕۆژنامەی "ڕۆژنامە" بو کە پرسیاریان لێکردم ئایا مەبەستتان لەو دانیشتنانە پێکهێنانی حیزبێکی تازەیە؟ ئەوە دەریدەخا کە تا چ ئەندازە مەیدان بۆ هەوڵدانی سیاسی لە دەرەوەی بازنەی حیزبەکان بەرتەسکە. لە سەر ئەو حیزبانەش کە تازەسازن و بەپەلە بە ڕەتدانەوەی هەموو حیزبەکان دەیانهەوێ بەشەوێک خاوەندارێتی مێژووی بزووتنەوەی کورد بکەن ئیدی چ ناڵێم.

ـ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ پێی بارودۆخێک له‌ کوردستان هاته‌ ئاراوه‌، جه‌ریانی نوێ و تازه‌ و به‌ گوتاری تازه‌وه‌ هاتنه‌ مه‌یدانی سیاسی که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ ره‌وته‌ کلاسیکه‌کان جوڵانه‌وه‌، واته‌ ئیسلاحات، لێکدانه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ ئه‌م ره‌وته‌ چیه‌؟
سازبوونی ڕەوتی ئیسلاحات بە سەرجەم کەم و کورتێەکانی، بە بڕای من دەرفەتێکی بەش بوو بۆ پێداچوونەوەی گرفتەکانی بەردەم کێشەی کورد لە ئێراندا. دیارە حاشای لێناکرێ لەو سەردەمەدا زۆرترین کار و باری فەرهەنگی لە کوردستان سەری هەڵدا. دەرکەوتنی دەیان گۆڤاری ڕۆشنبیری لە ئاستی خۆیدا، چالاکی مەدەنی بەرفراون، چالاکی هونەری جۆراوجۆر بەشێکن لەو ئاسەوارەی دەکری ئیشاڕەتی پێبدرێ. یانی تاڕادەیەک مەودا ئاواڵە بوو بۆکارکردن. لە ئاکامی تێکەڵ بوونی بەشێک لەو هەوڵانە بە کاری تۆخی سیاسی، تەنانەت ئەو ئیسلاح خۆزانەی لە کوردستان کاربەدەست بوون -و دەبێ لێرەدا بە تایبەت باسی دوکتوور ڕەمەزانزادە بکەم- کەوتنە ژێر باری زەخت و زۆری کۆنەپارێزەران و ئێستاش بەردەوام یان لە گرتووخانەن یان بێدەسەڵات کراون.
بۆ لێکدانەوەی ئەو ڕەوتە من دێمەوە سەر نەبوونی ستڕاتیژی نەتەوەیی. بێتوو ئەوە بۆایە دەکرا لە لایەن حیزبەکانەوە بە شیوەیەکی دیاریکراو پشتیوانی کرابا بۆ هاوکاری دەگەڵ ئیسلاحات. کە نەکرا یان نەبوو، گومان جێگای بە هەرچەشنە هاوکاری یان هاودەنگی دەگەڵ ئەو رەوتە لێژ کرد و بوو بەوەی کە دیمان.

ـ  وه‌ک پرسیاری کۆتایی، ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند خاڵدا هۆکاره‌کانی نه‌بوونی گوتارێکی به‌هێز و روونی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ نێوان شپرزه‌یی و بێده‌نگی دا، لە نێوان دابران و که‌لێنه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌ورۆکه‌ ده‌رباز بکات یان خه‌سار ناسی بکه‌ین، لێکدانه‌وه‌تان چۆنه‌؟
 ئەگەر مەودا هەبێ کە وەک چاوەڕوان کردنی داهاتوو، وا بیر بکەینەوە کە بە رەخسانی هەلومەرج بە هەرشێوازێک بێ حیزبەکان بتوانن خۆ ڕێکخەنەوە بۆ چالاکی ئاسایی و دەسەڵاتیان پێبدرێ، ئایا بۆمان هەیە ئەگەری ئەوە بدەین کە تەجرەبەی کوردستانی عێڕاق دووپات دەبێتەوە؟ ئایە ئەوکات بۆمان هەیە کە ڕخنە لەکاری حیزبەکان بگرین و لە مەترسیدا نەژین؟ و پرسیاری زۆرتری دیکە لەو چەشنە.
ئەو خالە دیاری دەکات کە ئازتەنگەکان و بۆشاییەکانی بزووتنەوە لە کوێدایە. ئاسۆیەکی وا ڕوون ناتوانم لەو بارەوە دەستنیشان کەم. تەنیا دەتوانم بڵێم کە پێویستە ڕێکخراوەکانی سیاسی خۆیان بۆ وەها بارودۆخێک سازبدەن. لە ئیستاوە بزانن کە پێویستە بە ئەدەبیاتێکی کۆنکرێتی سیاسی وە بە بیریکردنەوە لە بەرژەوەندی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی وە سازدانی بەرنامەو پرۆگڕامی حیزبی لەسەر ئەو خاڵە سەرەکییە، خۆیان نۆژەن کەنەوە. هەوڵی سێ لایەن لیرەدا گرینگە، لایەنێک حیزبەکانن، لایەنێک چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگین وە لایەنێکیش بیرمەندان و رۆشنبیرانی سەربەخۆن. هاودەنگی ئەو لایەنانە بۆ دیاری کردنی ستڕاتژیی نەتەوەیی ڕەنگە دەئەنجامی باشی لێبیتەوە.
ـ ئه‌گه‌ر وته‌یه‌کی هه‌بێ و پێتان خۆش بێ له‌ کۆتایی ئه‌م وتووێژانه‌دا باسی بکه‌ن، تکایه‌ بفه‌رموون؟
سپاسی بەریزتان دەکەم کە بە تەرخان کردنی کات و برێوەبردنی ئەو وتووێژانە خزمەت دەکەن بە دەوڵەمەند بوونی خۆێندنەوەی ڕەخنەیی خالە نزم و بەتۆاناکانی بزووتنەوەی کورد.


کورته‌یه‌ک له‌ بیوگرافی به‌ڕێز د.عه‌بدولعه‌زیز مه‌ولوودی
خۆێندکاریم لە زانستەکانی سیاسی بە شێوەی ئاکادیمیک هەیە. خاوەن ١٦ ساڵ کاری مامۆستایی زانستگام  بە شێوەی نافەرمی. بەشداریم کردووە لە هەوڵەکانی رۆژنامەوانیدا. لە ئاکامیدا زۆر وتار و ڵێکۆڵینەوەی سیاسیم پێشکەش کردووە. لە بواری چالاکی مەدەنی، بەشداری پێک هێنانی لانیکەم ٥ ڕێکخراوەی مەدەنی بووم لە بۆاری زانستێوە بگرە تا هەوڵدان بۆ چارەسەری و پێشگرتنی بەکار هێنانی مادە موخەدیرەکان.لە گەڵ زۆر ڕێکخراوەی دیکەی مەدەنیش هاوکاریم بووە و هەیە.
بەشدار بووی زۆر کۆر و کۆبوونەوی زانستی لە ئاستی ناوچە، نەتەوەیی و نێو نەتەوەییش بووم.

هیچ نظری موجود نیست: